(15) حزب و لایەنى سیاسیى کوردستان سەبارەت رەوشى کوردانى حەلەب و رۆژئاواى کوردستان کۆدەبنەوە

كانون2/يناير 11, 2026

ميديا - هه‌ولێر:

 

پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە، رێکەوتى 11ـی 1ـی 2026 سکرتێرى گشتیى YNDK پێشوازى لە نوێنەرانى 15 لایەنى سیاسیى باشوورى کوردستان بۆ کۆبوونەوەى فراوانى حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان كرد، سه‌باره‌ت به هێرش و دەستدرێژییەکانى سوپاى عەرەبى سوریا کە پێکهاتووە لە میلیشیا تیرۆریستەکانى سەر بە حکومەتى کاتى سوریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانى شارى حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە) و هاتنەپێشى ئەگەر و پێشهاتەکان گفتوگۆيانكرد.

پاشنیوەڕۆى ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه‌‌، غه‌فوور مه‌خموورى سكرتێرى گشتيى يه‌كێتى نه‌ته‌وه‌يى ديموكراتى كوردستان YNDK لە بارەگاى مەکتەبى سیاسیى YNDK لە شارى هەولێر، بە ئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى و قەهار تاهیر و شاکر هاشم ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتیى YNDK )، پێشوازیان لە نوێنەرانى ١٥ لایەنى سیاسیى باشوورى کوردستان کرد، کە ئامادەى کۆبوونەوەى فراوانى حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بوون و، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن سەبارەت بە هێرش و دەستدرێژییەکانى میلیشیا تیرۆریستەکانى سەر بە حکومەتى کاتى سوریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانى شارى حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە) و هاتنەپێشى ئەگەر و پێشهاتەکان، دواى بەخێرهێنانى نوینەرانى لایەنە سیاسییەکان بۆ کۆبوونەوەکە، مەخموورى ؛ کورتەیەکى سەبارەت بە هێرشەکانى میلیشیا تیرۆریستەکانى سەر بە حکومەتى کاتى سوریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانى شارى حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە) و هاتنەپێشى ئەگەر و پێشهاتەکان بۆ ئامادەبووان باسکرد و، وتى: ( هێرش بۆ سەر کوردانى حەلەب و رۆژئاواى کوردستان واتە هێرش بۆ سەر تەواوى کوردستان، باشترین وەڵام بۆ بەرپەرچدانەوەى ئەم هێرشە و تەواوى پیلانى داگیرکەرانى کوردستان یەکدەنگى و یەکڕیمانە.).

پاشان نوێنه‌رانى حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان وێڕای دەربڕینى سوپاس و پێزانینیان بۆ بانگهێشت و ڕێکخستنی کۆبوونەوەکە، تەئکیدیان کردەوە کە خەڵکی کوردستان بە یەکڕیزی و یەک ئیرادەییەوە دەتوانێ تەواوى پیلانى داگیرکەرانى کوردستان لە گۆڕبنێت و، لەم رێگەیەشەوە دەتوانێت داکۆکی لە مافەکانی خۆی بکات، تەئکیدیشیان کردەوە کە ئێستا گەلەکەمان لە رۆژئاواى کوردستان خاوەنی بڕیار و ئیرادەی خۆیەتی، ئەوەش بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی چەندین ساڵەی گەلەکەمانە و لەژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری نابێت، لایەنە سیاسییەکان وێڕاى ئیدانەکردنى هێرش و پەلامارەکانى میلیشیا تیرۆریستەکانى سەر بە حکومەتى کاتى سوریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانى شارى حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە) و شرۆڤەکردنى هاتنەپێشى ئەگەر و پێشهاتەکان، پشتیوانى خۆیان بۆ خەبات و بەرخودانى رۆژئاواى کوردستان دەربڕى.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا؛ لایەنە سیاسییەکان لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستى خۆیان بۆ ڕاى گشتى خستەڕوو، کە ئەمە دەقەیەکەتی:

راگەیاندنى کۆتایى کۆبوونەوەى حزب و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان سەبارەت بە رەوشى کوردانى حەلەب و رۆژئاواى کوردستان

- جەماوەری وڵاتپارێزى كوردستان ...

- كەس و کارو بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...

پاشنیوەڕۆى ڕۆژى یەکشەممە، رێکەوتى 11 / 1 / 2026 ، ئێمە ئەو حزب و لایەنە سیاسييانەى کوردستان کەوا لە خوارەوە ناومان هاتووە سەبارەت بە هێرشەکانى سوپاى عەرەبى سوریا کە پێکهاتووە لە میلیشیا تیرۆریستەکانى سەر بە حکومەتى کاتى سوریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانى شارى حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە) و هاتنەپێشى ئەگەر و پێشهاتەکان، لە شارى هەولێر لە بارەگاى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK کۆبووینەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بەوردى هەڵوەستە لەسەر ئەم پرسە کرا و شرۆڤەکرا.

بە باوەڕى ئێمە؛ هێرشەکانى میلیشیا تیرۆریستەکانى سەر بە حکومەتى کاتى سوریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانى شارى حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە)، کوردانى حەلەب و رۆژئاواى کوردستانى خستۆتە رەوشێكی زۆر دژوار, بەتایبەت ئەوەی كەوا بەرامبەر ئەو دوو گەڕەکە ئەنجامدرا جۆرێک بوو لە جینۆساید بەرامبەر گەلەکەمان, ئەم تاوانە تاوانێکە بەرامبەر تەواوى پێکهاتە ئاینى و نەتەوەییەکانى رۆژئاواى کوردستان (کورد و ئاشوورى و سریان و ئێزدى) ئەنجامدەدرێت، بۆیە ناكرێ‌ لە ئاست ئەو كارەساتەدا بێدەنگ بین, ئەو هێرشە دڕندانەیەی كەوا لەلایەن میلیشیا تیرۆریستەکانى سەر بە حکومەتى کاتى سوریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانى شارى حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە) ئەنجامدرا، پیلانێكی داڕێژراوە، ئێمە لە کاتێکدا ئەو هێرشانە بەتوندى ئیدانە و مەحکووم دەکەین، لەهەمان کاتدا پشتیوانى تەواوى خۆمان بۆ بەرخودان و خەباتى رەواى گەلى رۆژئاواى کوردستان رادەگەیەنین و، بەهەموو لایەکى رادەگەیەنین کەوا بێدەنگ نامێنین و هەموو هەوڵێكمان دەخەینەگەڕ و هەموو رێگایەك دەگرینەبەر بۆئەوەى فشاری مەدەنییانە دروست بكەین تا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهانای کوردانى (حەلەب)ەوە بێن و لەو مەرگەساتە چاوەڕوانکراوەدا رزگاریان بكەن، هەروەها داوا لە وڵاتان و رێکخراوە خێرخوازییەکان و خێرخوازان دەکەین بە هاناى خەڵکى ئاوارەو دەربەدەرى کوردانى حەلەبەوە بێن و کۆمەکیان بکەن، کە ئەوەش ئەڕکێکى ئەخلاقى و مرۆڤدۆستانە.

لێرەوە بانگ لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووەکان UN و ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى و تەواوى رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ دەکەین کەوا بە هاناى کوردانى (حەلەب) و رۆژئاواى کوردستانەوە بێن و بێدەنگ نەمێنن، ناكرێ‌ لەوێ‌ شارێك وێران بکرێت و خەڵکەکەى جینۆساید بکرێت و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش بێدەنگ و بێهەڵوێست بێت، هەروەها داوا لە وڵاتانى زلهیزو کۆمەڵگەى نیودەوڵەتى دەکەین کەوا سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانى میلیشیا تیرۆریستەکانى سەر بە حکومەتى کاتى سوریا دابنرێت و چاودێربن لە سەلامەتى ئەو کەسانەى کە تا ئێستا بێسەروشوێن کراون و، هاوکاربن و کاربکەن بۆ گەڕاندنەوەو قەرەبووکردنەوەى ئاوارەکانى هەردوو گەڕەکى شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەى شارى حەلەب و رێگە نەدەن ئەم هێرشانەى سەر کوردانى حەلەب ببێتە گۆڕینى دیمۆگرافى، لێرەوە رەخنە لە بێدەنگى کۆمەڵگەى نێودەڵەتى سەبارەت بەم هێرشانەى سەر کوردان دەگرین، بێگومان بێدەنگبوونى نەتەوە یەکگرتووەکان UN و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەرامبەر هەڕەشەو هێرشەکانى سەر گەلى رۆژئاواى کوردستان دژى بنەماکانى پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەى جیهانى مافى مرۆڤ و تەواوى پرەنسیپ و بەها دیموکراتییەکانه، پێویستە وڵاتان ریز لەو پەیماننامەو جاڕنامە نیودەوڵەتییانە بگرن کەوا خۆیان ئیمزایان کردووە، ئەگەر کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى رێز لە مرۆڤ دەگرێت پێویستە مرۆڤى رۆژئاواى کوردستان لەو هەڕەشەو هێرش و مەترسییانە بپارێزێت کەوا رووبەڕوویان بۆتەوە.

ئێمە وەکو حزب و لایەنە سیاسییەکان سوپاس و پێزانینى زۆرمان بۆ تەواوى کەناڵەکانى راگەیاندنى کوردستان و ئەو مامۆستاو زانا ئایینییانەى کوردستان هەیە کەوا لەم کارەساتە نەتەوەییەدا رۆڵى نەتەوەیى و نیشتمانى خۆیان گێڕا لە پشتیوانیکردنى بەرخودانى کوردانى حەلەب و ریسواکردنى میلیشیا تیرۆریستەکانى سەر بە حکومەتى کاتى سوریا و، بوونە پێشمەرگەو شەڕڤانى بەرگریکردن لە گەلى رۆژئاواى کوردستان.

- سەرکەوێ ئیرادەى هەقخوازانەى گەلى رۆژئاواى کوردستان.

- نەمرى و سەربەرزى بۆ تەواوى شەهیدانى رێى سەرخۆبوون و ئازادى کوردستان.

- مردن و رووڕەشى بۆ داگیرکەرانى کوردستان.

 

ناوى حیزب و لایەنە سیاسییەکانى بەشداربووى کۆبوونەوە:

 

1- کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK

2- یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان

3- بزووتنەوەى گۆڕان

4- حزبى شیوعى کوردستان

5- یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

6- حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان

7- پارتى رەنجدەرانى کوردستان

8- بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان

9- بەرەى گەل

10- حزبى دیموکراتی بێت نەهرێن

11- بزووتنەوەى رزگارى دیموکراتى کوردستان

12- پارتى پارێزگارانى کوردستان

13- پارتى گەشەپێدانى تورکمان

14- حزبى رزگاریى کوردستان

15- پارتى بونیادى دیموکراتى کوردستان

 

11 / 1 / 2026 هەولێر - کوردستان