میدیا - هەولێر :
ئێوارەى ڕۆژى سێشەممە، رێکەوتى 27ی كانوونى دووەمى 2026 ، غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK لەسەر بانگهێشتی کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتى لە زانکۆى سەلاحەددین بەشدارى پانێلى (خوێندنەوەیەک بۆ بارودۆخى ئێستاو داهاتووى رۆژئاواى کوردستان) کرد، کە بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندەڤانان و میوانان، لە کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتى لە زانکۆى سەلاحەددین بەڕێوەچوو، لە سمینارەکەدا؛ غەفوور مەخموورى بابەتێکى بەناونیشانى (باردۆخى رۆژئاواى کوردستان لە روانگەى نەتەوەییەوە) پێشکەشکرد، مەخموورى بۆ پشتیوانیکردن لە بەرخودانى رۆژئاواى کوردستان جەختیکردەوە سەر زیاتر قوڵکردنەوەى گیانى نەتەوەیى لەنێو تەواوى چین و توێژەکانى کۆمەڵگەى کوردستان لەسەر ئاستى کوردستانى مەزن و رەڤەندى کوردستان لە دەرەوەى وڵات.
لەسەرەتاى پانێلەکەدا؛ بەڕێز د. مزگین عەبدولڕەحمان چالى راگرى کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتى لە زانکۆى سەلاحەددین، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كردو, باسی لە گرنگی بابەتی پانێلەکە كرد, ئنجا غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK وێڕای بەخێرهاتنكردنی میوانان خۆشحاڵی خۆی بۆ میوانداری و ئامادەبوونی میوانان دەربڕی و سوپاسی رێکخەرانى پانێلەکەى كرد بۆ رێكخستنی ئەو دیدارە لەگەڵ ئامادەبووان, دواتر هاتە سەر پێشكەشكردنی بابەتێک بەناونیشانى (باردۆخى رۆژئاواى کوردستان لە روانگەى نەتەوەییەوە) و تیشکى خستەسەر رەوشى ئێستاى رۆژئاواى کوردستان و پشتیوانى کوردستانیان لە بەرخودانى رۆژئاواى کوردستان و، وتى: (رۆژئاواى کوردستان لە رەوشێکى زۆر ناسک و هەستیار و دژوار دایە، ئەم رەوشەى رۆژئاوا لە هەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا لەسەر هەموو ئاست و بوارەکاندا هاوسۆزو هاوکارو پشتیوانى رۆژئاواى کوردستان بین و کۆمەکیان بکەین و لەگەڵیاندا بوەستین.)، هەروەها مەخموورى وتى: (هێرشى چەتەو تیرۆریستانى سەر بە ئەبو محەممەد جۆلانى بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان بۆ نەهێشتنى ئەزموونى رۆژئاواى کوردستانە، پێویستە هەموو لایەکمان ئەو راستییە بزانین کە هێرشانەى تیرۆریستانى جۆلانى بۆ سەر شارو گوندەکانى رۆژئاواى کوردستان لەداهاتوودا کاریگەرى بۆ سەر رەوشى باشوورى کوردستانیش دەبێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان دژى ئەو هێرشانە بوەستینەوەو ریسوایان بکەین.).
غەفوور مەخموورى لە پانێلەکەدا لە درێژەى بابەتەکەیدا باسى گردبوونەوەو خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانى کوردستانیان بۆ پشتیوانى رۆژئاوا کرد و، وتى: (بەرخودانى رۆژئاواى کوردستان یەکڕیزى نەتەوەیى و بەهێزبوونى هەستى نەتەوەیى لەگەڵ خۆیدا هێنا و، نەتەوەى کورد لەسەر ئاستى کوردستانى مەزن و رەڤەندى کورد لە دەرەوە بە تەواوى چین و توێژەکانەوەو بە گیانێکى نەتەوەیى کوردانەو یەکگرتوو لە رێگەى گردبوونەوەو خۆپێشاندنى جەماوەرى لەگەڵ رۆژئاوادا وەستان و تا ئێستاش رۆژانە پشتیوانى خۆیان بۆ بەرخودانى رۆژئاوا دووپات دەکەنەوە، دەتوانین بڵێین بەرخودانى رۆژئاوا بووە هەوێنى یەکڕیزى نەتەوەیى و بەهێزبوونى هەستى نەتەوەیى.)، دواتر مەخموورى بەدرێژى لە گرنگى یەکڕیزى نەتەوەیى دواو روانینى خۆى خستەڕوو و، وتى: (یەکڕیزى نەتەوەیى لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بناخەیەکى پتەوە بۆ چەسپاندنى ئاشتى و سەقامگیرى و بیناکردنى کۆمەڵگەیەکى پێکەوەگونجاوو هاوکار، هەوروەها دەبێتە بنەمایەکى گرنگ بۆ یەکڕیزى سیاسى لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، ئومێد دەکەم کەوا لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بە ئیلهام وەرگرتن لە یەکڕیزیى نەتەوەیى و بەرخودانى رۆژئاواى کوردستان کاربکەن بۆ تێپەڕاندنى ململانێ سیاسییەکانى نێوانیان و لەپاڵ یەکڕیزى نەتەوەیى یەکڕیزى سیاسیش بێننەدى.).
دواتر غەفوور مەخموورى باسى لە رۆڵى باشوورى کوردستان لە رووى سیاسییەوە بۆ پشتیوانى رۆئاواى کوردستان کرد و، وتى: (سەرەڕاى پشتیوانى جەماوەریى باشوورى کوردستان بۆ رۆژاوا، سەرکردایەتیى سیاسى وەک هەمیشە پشتیوانى رۆژئاواى کوردستانى کرد و، ململانێ سیاسییەکانى خستە لاوەو بە ئەڕکى نەتەوەیى و سیاسى خۆى هەستا، لەسەرووى هەموویانەوە بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانى رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانیى کوردستان، بە ئەڕک و رۆڵى نەتەوەیى و نیشتمانى خۆى هەستا و بەرگرى لە رۆژئاواى کوردستان کرد و بووە پشتیوانێکى بەهێز بۆ رۆژئاواى کوردستان و تا ئێستاش بەردەوامە لە هەوڵەکانى بۆ خاوکردنەوەى گرژییەکان، هەروەها بەڕێز کاک مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەموو هاوکارى و پشتیوانییەکى بۆ رۆژئاواى کوردستان راگەیاند و، هەردوو بەڕێزان لە رێگەى کەناڵە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان کەوتنە هەوڵدان بۆ پشتیوانیکردنى رۆژئاواى کوردستان و تا ئێستاش لەگەڵ رۆژئاوادا وەستاون.).
سەبارەت بە هەڵوێستى حزبە سیاسییەکانى باشوورى کوردستان بۆ پشتیوانیکردن لە بەرخودانى رۆژئاواى کوردستان مەخموورى وتى: (ئێمە نوێنەرى 15 حزب و لایەنى کوردستان رۆژى 11 / 1 / 2026 لە بارەگاى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان کۆبووینەوەو بە هەڵوێستێکى هاوبەش پشتیوانى خۆمان بۆ رۆژئاواى کوردستان راگەیاند و، ئیدانەى هێرشى چەتەوە تیرۆریستانى ئەبو محەممەد جۆلانی-مان بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان کرد.).
مەخموورى باسى لەو هەنگاوو کارە گرنگە نەتەوەییانە و گرنگى پشتیوانى و هاوسۆزى نەتەوەیى کرد و، جەختى لەوە کردەوە کەوا ئەوە هەنگاوێکە بۆ نەتەوەسازى و پێویستە بایەخى پێبدرێت و، وتى: (ئەو یەکڕیزییە نەتەوەییەى کە ئێستا هەیە سیمایەکى کوردانەو جوانى بە کوردستان بەخشیوە و پێگەى کوردستانى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بەهێز کردووە، ئەوەش وایکردووە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە بایەخەوە لەم حاڵەتەى کوردستان بڕوانێت، بۆیە پێویستە بە بایەخەوە سەیر بکرێت و بکرێتە کلتورێک، تاکەکانى کۆمەڵگەى کوردستان و سەرکردایەتیى سیاسیى کوردستان و تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان سەبارەت بە پشتیوانیکردنى رۆژئاواى کوردستان هاوهەڵوێست و هاوسۆزن، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان شانازى بەو یەکڕیزییە نەتەوەییە بکەین کەوا ئێستا لە کوردستان هەیە، ئەو یەکرێزییە نەتەوەییەى کەوا لە کوردستان هەیە ورەى خەڵکى رۆژئاواى کوردستانى بەرزکردۆتەوەو هەست بەوە دەکەن کەوا هەموو کوردستان لەگەڵیاندایە.).
شایانى باسە دواى پێشەشکردنى بابەتەکەى مەخموورى دەرگاى گفتۆگۆ بۆ ئامادەبووان کرایەوە و، ئامادەبووان سەرنج و روانینى خۆیان سەبارەت بە بابەتەکەى مەخموورى خستەڕوو، دواتر لەلایەن بەڕێز د. مزگین عەبدولڕەحمان چالى راگرى کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتى لە زانکۆى سەلاحەددین دیارى رێزلێنان پێشکەش بە مەخموورى کرا.