*سکرتێرى گشتیى YNDK لەگەڵ شاندى حکومەتى فەلەستین کۆدەبێتەوە*

میدیا - هەولێڕ:
ڕۆژى 12 / 5 / 2023، سكرتێری گشتیی YNDK لەگەڵ شاندى حکومەتى فەلەستین کۆبۆوەو لە دیدارەکەدا باسیان لە رەوشى سیاسى کوردستان پەیوەندى نێوان هەردوو لا کرد.
رۆژى هەینى ؛ غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە شارى هەولێر لەگەڵ شاندى حکومەتى فەلەستین کۆبۆوە، کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (خالید عسێلى وەزیرى ئابوورى و دارایى و د. ئەحمەد مەجدەلانى وەزیرى پەرەپێدانى کۆمەڵایەتى و ئەمیندارى گشتیى بەرەى خەباتى میللى فەلەستین و فەواز ئەبو لروب یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوە بۆ کاروبارى عەرەبى و باڵیۆز نەزمى حزوورى کۆنسڵى گشتیى فەلەستین لە هەولێر)، لەدیدارەكەدا باس له‌ ره‌وشی سیاسی و گۆڕانكاری و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌و، چۆنیه‌تی سوود وه‌رگرتن له‌و گۆڕانكاری و پێشهاتانه‌ كرا، به‌تایبه‌ت هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و فه‌له‌ستین كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ له‌ خه‌بات و تێكۆشاندان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌ ره‌واكانیان ده‌كرێ سوود له‌و ره‌وشه‌ سیاسییه‌ وه‌ربگرن بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان، هەر لە دیدارەکەدا شاندى حکومەتى فەلەستین سوپاسی هەڵوێستەكانی سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK-یان كرد بەرامبەر پرسی رەوای گەلی فەلەستین و هیوایان خواست كه‌وا هه‌ردوو گه‌لی فه‌له‌ستین و كوردستان به‌ مافه‌ ره‌واكانی خۆیان بگه‌ن، وەک رێزگرتن لە هەڵوێستى سکرتێرى گشتیى بەرامبەر دۆزى گەلى فەلەستین بەڕێز خالید عسێلى بەناوى خۆى و شاندەکەوە دیارییەکى رەمزى کە تابڵۆیەکى تایبەتى قودس بوو وەک رێزلێنان بەخشییە سکرتێرى گشتیى YNDK ، هەروەها سکرتێرى گشتیى YNDK وێڕاى سوپاسکردنیان چەند کتێبێکى خۆى بەدیارى پێشکەش بە شاندى حکومەتى فەلەستین کرد.
له‌دوا ته‌وه‌ری دیداره‌كه‌شدا باس لە پەیوەندی مێژوویی نێوان هەردوو گەلی فەلەستین و كوردستان و چۆنیەتی پتەوكردن و پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای هەردوو گەل كرا.