میدیا - هەولێر :
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK لە چاوپێکەوتنێکیدا لە بەرنامەى (مساء الخير)ى رادیۆى ئوردەن (الاذاعة الأردنية) باسى لە رەوشى کوردستان لەم کاتى بڵاوبوونەوەى ڤیرۆسى کۆرۆنا و ئامادەکاری و رێکارەکانى حکومەتى کوردستان کرد بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە کوردستان .
ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە رێکەوتى ٤ / ٤ / ٢٠٢٠، غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK لەلایەن راگەیاندنکارى ناسراوى ئوردەن و بەڕێوەبەرى پرۆگرامەکانى رادیۆى فەرمى ئوردەن (فەزڵ معارک) لە رێگەى تەلەفۆنەوە بۆ بەرنامەى (مساء الخير)ى رادیۆى ئوردەن میواندارى کرا و، لە گفتوگۆیەکى فراوان سەبارەت بە رەوشى کوردستان و بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و ئامادەکارى و رێکارەکانى حکومەتى کوردستان بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا بۆ رادیۆى ئوردەن دوا و، وتى : (بەداخەوە ڤایرۆسى کۆرۆنا کەوا ئێستا بەرۆکى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى گرتۆتەوە، گەیشتۆتە کوردستانیش، تا ئەم ئێوارەیە ٢١٤ حالەت لە کوردستان تۆمارکراوە، ٧٤ حالەت چارەسەرکراون و، ٣ حالەتى مردنیش هەیە، بەڵام سەبارەت بە نەخۆشەکانى دیکە بەڕیز وەزیرى تەندروستى کوردستان ئەمڕۆ لە پریس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند کە بارى تەندروستییان جێگیرە و لەژێر کۆنترۆڵ دان.).
غەفوور مەخموورى سەبارەت بە رێکارەکانى حکومەتى کوردستان بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، وتى : (لە راستیدا حکومەتى کوردستان پێش گەیشتنى پەتاکە بە کوردستان کۆمەڵێ رێکارى گرتەبەر بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە و تا ئێستاش زۆر سەرکەوتووانە توانیویەتى رێگر بێت لە زیاتر بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە و، دەتوانین بڵێین حکومەتى کوردستان تا رادەیەکى زۆر باش توانیویەتى کۆنترۆڵى رەوشەکە بکات، هەر لەسەرەتاوە بەڕێز مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى کوردستان وتى گرنگترین شت بە لامانەوە پاراستنى تەندروستى هاوڵاتییانى کوردستانە، لە سەرەتاوە تا ئێستا بەڕێزیان زۆر بە وردى بەدواداچوون و چاودێرى جێبەجێکردنى رێکارە تەندروستى و ئەمنییەکان دەکات بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەى زیاترى ڤایرۆسەکە، هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى کوردستان بەتایبەت وەزارەتى ناوخۆ و وەزارەتى تەندروستى و پارێزگارەکانى کوردستان زۆر بە جددى و شەوو رۆژ لە کاردان بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەى پەتاکە.).
لە تەوەرێکى دیکەى گفتوگۆکەدا کە ئایا بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا لە کوردستان کاریگەرى هەبووە بۆ سەر رەوشى ئابوورى کوردستان، مەخموورى وتى : (وەک دەزانن کوردستان لە ٢٠١٤ ەوە لەرەوشێکى ئابوورى باشدا نەبووە، حکومەتى کوردستان بۆ دابینکردنى مووچەى فەرمانبەران و کارى حکومەت پشت بە داهاتى نەوت و داهاتى ناوخۆ و خاڵە گومرگییەکان و ئەو بەشە بودجەیەى بەغدا دەبەستێت کە بۆ پڕکردنەوەى بەشێک لە مووچەى فەرمانبەران دێت، جگە لەمانە سەرچاوەى داهاتى دیکەى نییە، وەک دەزانن نرخى نەوت زۆر دابەزیوە، جولەى بازرگانى زۆر کەمى کردووە، کەرتى گەشت و گوزار بەتەواوى وەستاوە، هەرەوەها داهاتى ناوخۆ و خاڵە گەمرگییەکان زۆر کەمى کردووە، کەواتە دەتوانین بڵێین بەڵێ بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا کاریگەرى بۆ سەر خراپبوونى رەوشى ئابوورى کوردستان هەبووە و، کوردستان کەوتۆتە رەوشێکى ئابوورى نەخوازراو.).
هەروەها مەخموورى سەبارەت بە چەندین و پرس و بابەتى دیکەى پەیوەست بە رەوشى ئێستاى کوردستان روانینى خۆى خستەڕوو
شایانى باسە چاوپێکەوتنەکە دووکاتژمێرى خایاند و چەند میوانێکى دیکەش لە چەند وڵاتێکى عەرەبى بەشداربوون و باسیان لە رەوشى وڵاتانى خۆیان کرد، کە ئەمانە بوون : ( د. سامى خەتیب لە ئوردەن، د. فیفیان شوەیرى لە لوبنان، د. سوهێر رەیس لە سوریا، د. خالید ئەبوو عەلى لە فەلەستین، مەنال هەیکەل لە میسر).