بەرزو پیرۆزبێت 12ی ئادار... (35)ەمین ساڵیادی راپەڕینى دەڤەرى مەخموور

بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدان ..

- خەڵکی خۆڕاگری مەخموور ..

- حزب و لایەنە سیاسیيەکانى دەڤەرى مەخموور ..

(35) ساڵ بەر لەئەمڕۆ، لە بەرەبەیانی (12)ی ئاداری ساڵی (1991) دا، خەڵکی مەخموور هاوشان لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان راپەڕین و، لەماوەیەکی کەمدا توانرا مەخموور لە تەواوی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی رژێمی بەعسى رووخاو پاک بکرێتەوە.

راپەڕینی (12)ی ئادارى مێژوویى دەڤەرى مەخموور، سەلمێنەرى ئەو راستییە بوو، کە سەرسەخترین رژێمی داگیرکەر، وێڕاى سیاسەتەکانی (بەعەرەبکردن و بەعسیکردن و ئەنفال و راگواستنی زۆرەملێ..)، نەیتوانى سیمای کوردستانی بوونى مەخموور بسڕێتەوە و لەدەرفەتێکدا خەڵک و پێشمەرگەی کوردستان چۆکیان بەرژێمدا دا.

- هاوشاریانی ئازیز و خۆڕاگری مەخموور..

ئێمە لەکاتێکدا دواى (35) ساڵ یادى ئەم رۆژە پیرۆزە دەکەینەوە، هێشتا ناوچەکە لەبەردەم کێشەگەلێکی سیاسی و ئابووری و ناسەقامگیری ئاسایش و هێمنی دایە. کە چارەسەریان ئەستەم بووە. ئەمەش بەهۆى دوولەتبوونى سنووری کارگێڕی ناوچەکە، کە بەشێکی لەژێر سایەى پێشمەرگەی کوردستانە و بەشێکى ترى سوپای عێراق تێیدا باڵا دەستە، ناسەقامگیری دەڤەرەکەمان هاوشان لەگەڵ ناوچە دابڕێنراوەکانى ترى کوردستان، بەهۆى مانەوەى ئەو ناوچانەیە لەنێو دوو بەرداشى ئیدارى و نەگەڕاندنەوەیانە بۆ سەر ئیدارەى حکومەتى کوردستان .

- جەماوەری ئازادیخواز، هێز و لایەنە سیاسییەکانى دەڤەرى مەخموور...

هەروەک چۆن لەپێشوودا (دادگاى فیدراڵى عێراق) بەکاردەهێنرا بۆ زۆرێک لە بڕیارى دژ بەخەڵک و حکومەتى کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە ئێمە لە هەرێمى قەرەچووغی YNDK بەمافى رەواى خۆمان و خەڵکى ناوچە دابڕێندراوەکانى کوردستانى دەزانین، کە بانگەوازێک بۆ هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پەرلەمانتارانى کورد لەبەغدا و حکومەتى کوردستان دەکەین، بەهەموو لایەک کار بکرێت بۆ :-

- تۆمارکردنى سکاڵا لەسەر حکومەتى عێراق لە (دادگاى فیدراڵى عێراق) دا، بەمەبەستى فەرامۆشکردنی ماددەى (140)ى دەستوورى عێراق و جێبەجێنەکردنی ئەو ماددە دەستووریيە، کە بڕیار بوو تا ساڵى 2007 تەواوى قۆناغەکانى بێتە جێبەجێکردن .

-لەسەر مێزی گفتوگۆ لەپێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا، یەکێک لەداوا سەرەکیەکانی کورد لەبەرنامەی حکومەتی نوێی عێراقدا، جێبەجێکردنی ماددەی (140)ی دەستووری عێراق و گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان بێت بۆ سەر کارگێڕی حکومەتی کوردستان.

ئاشکرایە ئەم پرسەش بە یەکدەنگی و یەک هەڵوێستی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیيەکاندا، ئەنجامى ئەرێنى دەبێت .

- لەسەر ئاستی ناوچەکەدا، جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستی دوورخستنەوەی هێزی سەربازی لەنێو شارو رێکخستنەوەی بازگەی سەرەکی سوپای عێراق لەمەخموور، کە بگونجێ لەگەڵ فەراهەمکردنی پێداویستییە بنچینەییەکانی خەڵک، و کارئاسانی تەواو بۆ گواستنەوەی کەلوپەل لەهەولێرەوە بۆ مەخموور بکرێت .

هەر بەم بۆنەیەوە ئێمە لە هەرێمی قەرەچووغی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK، پیرۆزبایی لەتەواوی خەڵکى مەخموور و دەوروبەری دەکەین، هیوادارین ئەم بۆنە ببێتە هەوێنی ئازادی پارچەکانی تری کوردستان و یەکرێزی و تەبایی و رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردی .

- بێتەدی کوردستانێکی سەربەخۆو ئازادو یەکگرتوو و دیموکرات .

- نەمری و سه‌ربه‌رزی بۆ شەهیدانی ئازادیی مەخموورو تەواوی شەهیدانی رێی سەرخۆبوون و ئازادی کوردستان.

- مردن و رووڕه‌شی بۆ دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان.

 

 

 

‌ هەرێمی قەرەچووغی

یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK

مەخموور (12)ی ئاداری 2026