میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٣ / ٦ / ٢٠٢٣، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندى پارتى سەربەستیى کوردستان كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و پەیوەندى نێوان هەردوو لا کرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (قەهار تاهیر سەعید ئەندامى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و فاخیر نانەکەلى کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK) پێشوازیانكرد لە شاندى پارتى سەربەستیى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (عارف باوەجانی سەرۆکی گشتی و ئاهورا هەورامی جێگری سەرۆکی گشتی، و چەند کادیرێکی پێوەندییە گشتییەکانی پ س ک)، لەدیدارەكەدا سەبارەت بە رەوشى سیاسیى رۆژهەڵات و باشوورى کوردستان گفتوگۆ کرا و هەردوولا پێیان وابوو کەوا پێویستە لایەنە سیاسییەکان و دوورکەونەوە لە گرژى و ناکۆکییەکان و راوێژێکى نەتەوەیى لەم رووەوە بێننە ئارا و کاربکەن بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکان، بۆئەوەى هەموو لایەک پێکەوە بتوانین دۆزى نیشتمانى و نەتەوەیى کوردستان پێشبخەین.
سکرتێرى گشتیى YNDK لە دیدارەکەدا وتى: (ئێمە وەک YNDK باوەڕمان وایە کەوا پێویستە گرژى و ناکۆکى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەسەر بنەماى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن چارەسەربکرێن، لەبەرئەوەى ناکۆکى و دووبەرەکى جگە لە ماڵوێرانى سوودێکى دیکەى نییە و لە ئەنجامدا بە سوودى دوژمن و زیانى گەلى کوردستان تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان هەوڵى یەکڕیزى و لەهەڤهاتن بدەین، مەخموورى ئەوەشى خستەڕوو کەوا پێویستە هەموو لایەک رەچاوى تایبەتمەندى باشوورى کوردستان بکەن و، وتى : (باشوورى کوردستان لە رەوشێکى ناسک و هەستیاردایە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئاستى کوردستانى مەزن رەچاوى بارودۆخى باشوورى کوردستان بکەن و پاراستنى بە ئەرکێکى نەتەوەیى و نیشتمانى بزانن.).
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا، جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.