سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازى لە شاندى حیزبى دێموکراتى کوردستانی ئێران دەكات

تموز/يوليو 03, 2026

   میدیا - هەولێر :

  ئێوارەی ئەمڕۆ ٢ / ٧ / ٢٠٢٦، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندى حیزبی دێموکراتى کوردستانی ئێران كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و ناوچەکە و پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و یەکڕیزى و یەکدەنگى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان كرد.

  ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و شاکر هاشم ئەندامی مەكتەبی سیاسی و فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسی هەرێمی هەولێری YNDK)، پێشوازیانكرد لە شاندى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری گشتیی حیزب و عومەر باڵەکی ئەندامى دەستەی کارگێڕی دەفتەری سیاسی و ئامانج زیبایی ئەندامی سەرکردایەتی و نوێنەری حیزب).

 لەدیدارێکی برایانەدا باس لە رەوشی سیاسیی كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو، جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەکان بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا روودەدەن و دێنەپێشەوە، یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی کوردستانییانە لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی سەرکەوتن و وەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا, هەر لە دیدارەكەدا سكرتێری گشتی YNDK  سەبارەت بە پێکهێنانی (هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران) پیرۆزبایی لە حیزبی دێموکرات و تەواوی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و، پێکهێنانى ئەم ئەنجوومەنەی بە فاکتەرێکى سەرەکی بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى و ناوماڵى رۆژهەڵاتی کوردستان وەسفکرد.

  لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.