نووسينى: شاخه‌وان خاليد
ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی، تەنها یادکردنەوەی دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی "کوردستان" نییە، بەڵکو ساڵیادی هەڵکردنی چرایەکی ڕووناکە لە دنياى بێدەنگیدا، ميقداد مهدحەت بەدرخان، ئەو ڕۆژە بە تەنها ڕۆژنامەیەکی چاپ نەکرد، بەڵکو دەستپێکی شۆڕشێکی هۆشیاری و راگه‌ياندنى هه‌ڵگيرساند، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
ئەمڕۆش کە یادی (128) ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەکەینەوە، لە هەمان کاتدا یادی ئەو قەڵەمانە دەکەینەوە کە لە پێناو گەیاندنی ڕاستی، سەختییەکانی شاخ و زیندانەکانیان قبوڵ کرد و ئه‌مڕۆش به‌ئازادى ده‌نووسن، ئه‌و قهلهمانهى هه‌موو كات له‌خزمه‌تى گه‌ل و نيشتمانهكهيان بوون. ڕۆژنامەگەریی کوردی، هەر لەسەرەتاوە تا ئەمڕۆ، بووەتە "دەنگی بێدەنگان" و "چاوی بینايی نەتەوە و گه‌لێك".
ئێمە لە ئاژانسی هه‌واڵى ميديا، لەم یادە شکۆدارەدا، بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە کە:
1* پەیامی ڕاستگۆیی: لەسەر بنەمای زانیاریی ورد و بێلایەنانە بەردەوام بین.
2* پاراستنی بير‌ى نەتەوەیی: وەک چۆن چیاکانی کوردستان سەنگەری پاراستنی خاک و گه‌له‌كه‌مانن، قەڵەمەکانی ئێمەش سەنگەری پاراستنی هۆشیاری و کلتووری کوردی و كوردستانى ده‌بن.
3* بەردەوامی: سەرەڕای هەموو ئاڵنگاری و به‌ربه‌سته‌كان، پەیامی ئێمە بەردەوامییە، چونکە ڕۆژنامەگەریی کوردی به ئازادیی لەدایک بووە و (128) ساڵ تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وامه و ئه‌و ره‌وته به‌رده‌وامى ده‌بێت.
ڕۆژنامەگەریی کوردی، ئەمڕۆ بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت. لە جیهانێکدا کە زانیاریی ناڕاست بە ئاسانی بڵاو دەبێتەوە، ئەرکی ئێمە قورسترە؛ ئەرکی ئێمە ئەوەیە بینینی خەڵک فراوانتر بکەین و زانيارى راست و دروستيان پێبده‌ين، وەک چۆن فێری ئەوە بووین لەسەر لووتکەی چیاکانەوە جوانتر دەوروبەرمان ببینین ده‌با قهلهمهكانمان خاوه‌ندارى خۆمان بێت و بيخه‌ينه خزمه‌ت خاك و گه‌ل و كوردستان.
پیرۆز بێت ٢٢ی نیسان، ڕۆژی ڕاستگۆیی و ئازادى، ڕۆژی قەڵەمە بوێرەکان، ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی.