Print this page

راگەیاندراوی كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سییاسییەكانی مەخموور

حزيران/يونيو 06, 2023
كاتژمێر (10)ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 2023/6/6 لەبارەگای هەرێمی قەرەچووغی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لەمەخموور، كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی مەخموور بەڕێوەچوو .
ئەمەو لەكۆبوونەوەكەدا جەخت كرایەوە لەسەر پتەوتركردنی پەیوەندی حزب و لایەنە سیاسییەكانی مەخموورو یەكریزی و یەكهەڵوێستی لایەنەكان و لەهەمبەر پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان لەدەڤەرەكە .
لەتەوەرێكی تردا تیشك خرایە سەر رەوشی مەخموورو دەوروبەری و كە ئێستا لەنێو بەرداشی دووئیدارەییدا گیری خواردووەو پرۆسەی بەعەرەبكردن لەناوچەكە بەشێوازێكی ترو مەترسییەكی گەورەتر لەپێشوو پەیڕەو دەكرێ‌ و شارەدێی قەراج و گوندەكانی دەوروبەری تاكە ماڵێكی كوردی تێدا نەماون و ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر مۆركی نەتەوەیی شارەدێكەو گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكە، بۆ ئەم مەبەستەو بۆ چارەسەری ریشەیی كێشەكانی ناوچەكە، لەكۆبوونەوەكەدا رووی داواكاری ئاراستەی سەركردایەتی سیاسی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرا، كە هەروەك چۆن مەخموور پێش ساڵی 1996 سەر بەپارێزگای هەولێر بووەو بەبڕیارێكی رژێمی پێشوو خراوەتە سەر پارێزگای موسڵ و دوای رووخانی رژێمیش هەموو بڕیارەكانی هەڵوەشێندراونەتەوە، ئاواش جەخت لەسەر گەڕاندنەوەی ئیدارەی مەخموور بكرێتەوە بۆ سەر ئیدارەی هەولێرو حكومەتی كوردستان، و داوا لەنوێنەرانی ناوچەكە لەپەرلەمانی عێراق بكرێت لەوبارەیەوە سكاڵا بەرز بكەنەوە،لەهەمانكاتدا بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان سكاڵای یاسایی لەسەر حكومەتی بەغدا لەدادگای فیدراڵی عێراق بەرزبكەنەوە، لەبارەی جێبەجێنەكردنی ماددەی 140 ی دەستووری عێراقدا .
هەروەها لەتەوەرێكی تردا تیشك خرایە سەر پێویستی شارەكە بەخزمەتگوزاری زیاتر لەرووی ئاوەڕۆ و پاككردنەوەی شەقام و كۆڵانەكان و دابینكردنی نەخۆشخانەو بەشی فریاگوزاری خێرا، و كاركردن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ جێبەجێكردنی ئەو پێویستییە سەرەتاییانەی ژیان و گوزەرانی خەڵك، و لەهەمانكاتدا چارەسەركردنی كێشەو گرفتی جوتیارانی ناوچەكە لەوەرگرتنی پەینی كیمیایی و هێنانی بۆ ناوچەكەو چارەسەركردنی گرفتی قەرەباڵغی سایلۆكان و سوودمەنبوونی جوتیارانی ناوچەكە بەپلە یەك لەوەرگرتنی دانەوێڵەكانیان لەسایلۆی مەخموور .
ئەمەو لەكۆبوونەوەكەدا جەخت كرایەوە لەسەر بەدواداچوون لەو خاڵانەی لەسەرەوە باسكران و ئامادەكردنی نووسراوێك لەپێویستییەكانی مەخموور بەپڕۆژەكان و كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناوچەكە لەئیدارەو فەرمانگەكان و نوێنەرانی ناوچەكە لەپەرلەمانی عێراق بۆ چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكان و گەیاندنی داواكارییەكان بەلایەنی پەیوەندیدار .
حیزب و لایەنە سیاسییەكانی مەخموور:
پارتی دیموكراتی كوردستان - یەكێتی نیشتمانی كوردستان - بزوتنەوەی گۆِران - كۆمەڵی دادگەری كوردستان
حزبی شیوعی كوردستان - حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان - یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان . مەخموور - 2023/6/6 .