Print this page

هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان به‌توندى ئيدانه‌ ده‌كه‌ين

آذار/مارس 28, 2026

جەماوەرى خۆڕاگرو وڵاتپارێزى کوردستان ...

  - حزب و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى کوردستان ...

  - ڕای گشتی ناوخۆ و نێودەوڵەتی ...

 ئه‌مڕۆ شەممە، رێکەوتی ٢٨/٣/٢٠٢٦، هێرشێکی تیرۆریستی و ترسنۆكانه‌ بۆ سەر ماڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ شاری دهۆک ئەنجامدرا، ئێمە لە يه‌كێتى نه‌ته‌وه‌يى ديموكراتى كوردستان YNDK بەتوندی ئیدانەی ئەم هێرشە دەکەین و هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر ماڵى سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک ڕووداوێکی مەترسیدار و ناڕەوا دەبینین، لاى هەموو لایەک روون و ئاشکرایە کەوا بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و به‌رپرسانى هەرێمی کوردستان هه‌موو كات دووپاتيان كردۆته‌وه‌، کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.

 بێگومان هەرێمى كوردستان بەو هەوڵە نه‌زۆكانه‌ هەرگیز ناخزێتە ناو هاوکێشەیەک کە لە بەرژەوەندی گەلەکەیدا نەبێت، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەمیشە فاکتەری بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری و برايه‌تى و پێكه‌وه‌ژيان بووە و بەردەوام هەوڵ و دەستپێشخەری نواندووە بۆ ئارامی لە ناوچەکەدا، هەرێمی کوردستان هه‌ميشه‌ خۆى به‌ دۆستی ڕاستەقینەی دراوسێکانی زانيوه‌ و هیچ کات پێشێلى رێساكانى دراوسێيه‌تى نه‌كردووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هەندێ لایەن رێزیان له‌و ئيراده‌يه‌ نه‌گرتووە و به‌پێچه‌وانه‌وە مامه‌له‌یان له‌گه‌ڵ هەرێمی کوردستان كردووە.

  ئەم هێرشە تیرۆریستییە تەنها هێرش نیيە بۆ سەر کەسایەتی و ماڵى سه‌رۆكى هه‌رێم، بەڵکو هێرشە بۆ سەر هەموو گەلی کوردستان و بەهاکانی ئاشتی و دیموکراسی، داوا لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین ته‌نيا بە به‌ياننامه‌ سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هێرشانه نەکات،‌ به‌ڵكو پێويسته له‌رێگه‌ى ليژنه‌ى تايبه‌تمه‌ند و پسپۆڕ‌ بە خێرایی بکەرانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە ئاشكرا بکات و سزای یاساییان بدات، حکومەتی عێراق دەبێ بەبێ دوودڵی سزای ئەو گرووپ و میلیشیایانە بدات کە بوونەتە مایەی مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر هه‌رێمى كوردستان و تەواوى گەلانی عێراق، ئێستا کاتی دانانی سنووره‌ بۆ چالاکی ئەو میلیشیا و گرووپه‌ چه‌كداره‌ تیرۆریست و لە یاسا ده‌رچووانه‌، کە بوونەتە مەترسی بۆ سەقامگیری ناوچه‌كه‌.

  ئێمە لە يه‌كێتى نه‌ته‌وه‌يى ديموكراتى كوردستانYNDK، جارێكى ديكه‌ دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ وەک هەمیشە لەپاڵ گەل و سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەتى هەرێمى کوردستاندا دەبین و هەموو هەنگاوێکیش ده‌نێين بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمى كورستان و پاراستنى خەڵک و خاكه‌كه‌ى.

 - مردن و رووڕه‌شى بۆ تیرۆریستان و دوژمنان و داگيركه‌رانى كوردستان.

 

مەكتەبی سیاسیی

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

8 ى نەورۆزی 2726 ی كوردی  -  28 / 3 / 2026 ی زایینی

هەولێر - باشوورى کوردستان