Print this page

سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە سەرۆکى پارتی گەشەپێدانی تورکمان دەكات

آب/أغسطس 21, 2023
میدیا - هەولێر:
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ 21 / 8 / 2023، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە سەرۆکى پارتی گەشەپێدانی تورکمان كرد و، لەدیدارەكەدا باسيان لە رەوشی سیاسی كوردستان و پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسيی YNDK لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونى هەڤاڵان (قەهار مەخموورى ئەندامى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و فاخیر نانەکەلى کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK) پێشوازیكرد لە شاندێکى پارتى گەشەپێدانى تورکمان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (محەممەد سەعدەددين ئيلخانى سەرۆکى پارتی گەشەپێدانی تورکمان و نيازى رەمزى بەرپرسى پەيوەندييەکانى پارت)، لەدیدارەكەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و ناوچەکە كراو، جەختكرایەوەسەر یەكدەنگی و یەكڕیزی تەواوی پێکهاتەو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ سوود وەرگرتن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوە، بۆ ئەمەش پێکهێنانى ئەنجوومەنێکى سیاسى بۆ تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و داڕشتنى کارنامەیەکى نیشتمانى بۆ یەك گوتاری گەلی كوردستان لەم قۆناخە هەستیارەدا بەگرنگ وەسفكرا، هەر لەدیدارەكەدا باس لە زیاتر قوڵکردنەوەى گیانى برایەتى و پێکەوەژیانى نەتەوەو پێکهاتەکانى کوردستان کراو، جەختکرایەوە سەر هاوکارى و هاوخەباتى نێوانيان.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا باس لە پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان كرا.