میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ڕۆژى ٢ / ٤ / ٢٠٢٣، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە سەرۆکى ناوەندى قاهیرە بۆ لێکۆڵینەوەى کوردى كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە ناساندنى زیاترى پرسى گەلى کوردستان لە ناوەندە عەرەبییەکان كرد.
پێشنیوەڕۆى ڕۆژى یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، پێشوازیكرد لە بەڕێز (سەید عەبدولفەتاح سەرۆکى ناوەندى قاهیرە بۆ لێکۆڵینەوەى کوردى)، لەدیدارێکى برایانەدا باسیان لە چۆنیەتى زیاتر ناساندنى پرسى گەلى کوردستان لە ناوەندە عەرەبییەکان کرد و، بۆ ئەو مەبەستە هەردوو لا هاوڕا بوون کەوا پێویستە کارنامەیەکى گونجاو لەسەر ئاستى سیاسى و هزرى و کلتورى دابڕێژرێت.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا، جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.
شایانى باسە (ناوەندى قاهیرە بۆ لێکۆڵینەوەى کوردى)، ناوەندێکى عەرەبییە و بارەگاکەى لە قاهیرەى پایتەختى میسرەو بایەخ بە لێکۆڵینەوە لەسەر پرسى سیاسى و کۆمەڵایەتى و کلتورى کوردى دەدات و، لەم رووەوە سەدان کتێب و لێکۆڵنەوەى چاپ و بڵاوکردۆتەوە.